ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: لە ساڵانی ڕابردوودا هەڕەشە بەەردەوامەکانی ئەمریکا لە دژی ئێران بۆتە دووپاتکراوەترین بژێرەی ئەدەبی سیاسیی واشنتۆن؛ ئەدەبیاتێک کە هەندێجار گەمارۆی بەربڵاوی لەگەڵە و هەندێجاریش نمایشی هێزی سەربازی لە ناوچەی بەدواوەیە. بەلام ئەوی کەمتر سەرنجی دراوەتێ، پاشهاتە ستراتژییەکانی ئاوەها هەڵوێستێکە. ئەمریکا بە بەردەوامکردنی ئەو هەڕەشانەی، بە کردەوە خۆی هەڵقوڕتاندۆتە ناو یارییەکی دژوار، چەندڕەهەند و ئاڵۆزەوە؛ یارییەک کە ناکرێ یاسا و ڕیساکانی تەنیا بە سەرتربوونی تەکنۆلۆژیا و هێزی کلاسیکی سەربازی دیاری بکرێت.
چوار دەیە ململانێی نێوان تاران و واشنتۆن، ئێرانی کردۆتە وڵاتێک کە پێکهاتەی سەربازی و ئەمنیی خۆی نەک بەپێی شەڕە کلاسیکەکان، بەڵکوو بەپێی بەرگریی نابەرامبەر بنیات ناوە. ئەم نمانەیە، بەرهەمی ئەزموونە پەرتەوازە مێژووییەکان، گەمارۆگەلی درێژخایەن و بەرەنگاربوونەوەی بەردەوامی گوشاری دەرەوەییە. لە ئاوەها چوارچێوەیەکدا، ئێران هەوڵی داوە تێچووی هەر جۆرە شەڕ و تێهەڵچوونێکی ڕاستەوخۆ بۆ لایەنی بەرامبەر بگەیێنێتە ئاستێک کە بڕیاری هێرش، ببێتە بژێرەیەکی پڕمەترسی و پڕتێچوو.
بۆ وێنە ئێران لە شەڕی 12 ڕۆژەدا نیشانی دا کە تەنیا ئەکتەرێکی پەسیڤ یان بەستراوە بە کاردانەوەی هێمایین نییە. وەڵامە خێرا، هاوئاهەنگ و چەندڕەهەندەکانی تاران، هەڵگری پەیامێک بوو کە دەفرایەتییە ئۆپەراسیۆنییەکانی، نەک پارێزراوە، بەڵکوو لە هەندێک بواردا تۆکمەتر بووە. ئەوی ئەم ئەزموونە گرینگتر دەکات، تەنیا ژمارەی ئۆپەراسیۆنەکان یان بڕەوی چەکەکان نییە؛ بەڵکوو نمایشی توانای بڕیاردانی خێرا، ئیدارەی مەیدانی شەڕ و تێپەڕین لە توێژە بەرگرییەکانی دوژمنە. ئەم ئەزموونە نیشان دەدا کە ئێران لە چوارچێوەیەکی سەرتر لە نمانە نەریتییەکان بیر دەکاتەوە و دەجوڵێتەوە.
ئەمریکا هێشتا لە باری سەربازییەوە بە هێزێکی گەورە دێتە ئەژمار؛ بەڵام پرسە لێرەدایە کە تێهەڵچوونی شیمانەیی لەگەڵ ئێران، شەڕێکی کلاسیک و سنووردار نابێت. جوگرافیای ناوچە، ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا، بوونی بنکەگەلی جۆرەاوجۆری ئەمریکا لە هاوێری ئێران و تۆڕی بەربڵاوی هاوپەیمانانی ناوچەیی تاران، هەموو هاوکێشەکان ئاڵۆزتر دەکەن. لە ئاوەژا بەستێنێکدا، هەر هەڵمەتێکی سەربازی دەتوانێ زنجیرەیەک لە کاردانەوە بەرامبەرییەکان چالاک بکات کە کۆنتڕۆڵیان دژوارە.
یەکێک لە گرینگترین تایبەتمەندییە ستراتژییە بەرگرییەکانی ئێران، پشتبەستن بە بەرگریی نابەرامبەرە؛ ستراتژییەک کە هەوڵ دەدا بە تێچووی کەم، هەڕەشەی گەورەتر بنێتەوە. ئەم چەمکە تەنیا نەبەستراوەتەوە بە کەرەسەی سەربازی، بەڵکوو لێکدراوێکە لە توانای مووشەکی، دەفرایەتی دەریایی، شەڕی ئەلەکترۆنی، درۆن و تۆڕێک لە پەیوەندییە ناوچەییەکان. پەیامی ئەم ستراتژییە ڕوونە: هەر جۆرە هێرشێک، بێ وەڵام نابێت و پێویستیش ناکات وەڵامەکەی لە هەمان ئاست و لە هەمان جوگرافیادا بێت.
هەڕەشە بەردەوامەکانی واشنتۆن، لە ڕاستیدا جۆرێک تاقیکردنەوەی ئیرادەیە؛ بەڵام تاقیکارییەک کە ئاکامەکانی پێشتر، پێشبینی ناکرێن. ئەزموونە پێشووەکان نیشانیان داوە کە ئێران لە بەرەوڕووبوونەوەی گوشاری بیانی، لە بری پاشەکشێی بەپەلە، ڕووی لە بەرزکردنەوەی دەفرایەتیی بەرگریی ناوە. لە گۆشەنیگای ستراتژیکەوە، تا هەڕەشەکان زیاتر بن، ئەنگێزەکان بۆ پەرەدان بە کەرەسەی بەگریش تۆکمەتر دەبن و ئەم سووڕەگەیە دەتوانێ کێبەرکێیەکی نەخۆرای بەدواوە بێت کە دەرچوون لێی دژوارە.
خاڵی گرینگی تر لێرەدا، پرسی "کۆتایی شەڕ"ه. مێژووی شەڕە سەربازییەکان نیشان دەدەن کلە دەسپێکی شەڕێک، بە مانای کۆنتڕۆڵی تەواو بە سەر ڕەوت و کۆتاییەکەی نییە. زۆر زلهێزی گەورەی جۆراوجۆر لەدەیەکانی ڕابردوودا هەنگاویان ناوەتە شەڕگەلێک کە پێیان وابووە کورت و یەکلاکەرەوەن، بەڵام بە کردەوە تووشی شەڕێکی تاقەتپرووکێن و درێژخایەنی کردوون. لە سناریۆی شیمانەیی شەڕ لەگەڵ ئێران، ئەو مەترسییە هەیە کە واشنتۆن بتوانێ دەسپێکەری شەڕ بێت، بەڵام دیاریکەری کات و هەلومەرجی کۆتایی نابێت.
ئێران لە ماوەی زیاتر لە چوار دەیە، خۆی بۆ سناریۆگەلی جۆراوجۆر ئامادە کردووە. پێکهاتەی بەرگریی ئەم وڵاتە لە سەر بنەمای درێژەدان لە هەلومەرجی قەیراندا دامەزراوە؛ بەو مانایە کە تەنانەت لە ئەگەری پلاری سەرەتاییدا، دەفرایەتی وەڵامدانەوە بپارێزرێت. ئاوەها پێکهاتەیەک زۆر جار بریتییە لە پەرتەوازەیی ئیمکاناتەکان، توێژبەندیی بەرگری و پشتبەستن بە داپەڕەی دەستپێشخەرانە لە مەیدانە جۆراوجۆرەکان.
لەم هەڵوێستەدا، ئەگەری ڕاچڵەکان بۆ لایەنی بەرامبەر بەرزتر دەبێتەوە؛ چونکە هەموو دەفرایەتییەکان لەبەر چاو نین و بەشێک لە توانستەکان تا کاتی بەکارهێنانیان، دەشاردرێنەوە.
لە لایەکی ترەوە، سروشتی ناوچەکەش بە توندی هەستیار و شکێنەرە و هەر جۆرە شەڕێکی بەربڵاو دەتوانێ ئاسایشی وزە، بوارەکانی پاپۆرەیی و سەقامگیریی ئابووریی جیهانی دەخاتە ژێر مەترسییەوە. لە هەلومەرجێکی ئاوادا، ڕەنگە هاوپەیمانانی ئەمریکا مەیلیان بە شەڕ و تێوەگلان لە شەڕێکی پڕتێچوو نەبێت و خۆی لێ ببوێڕن. ئەم باسە دەتوانێ ئاستی بڕیاردانی واشنتۆن سنووردارتر بکات.
دیارە هەڕەشەکان بەبێ ئاوڕدانەوە لە هاوکێشە ڕاستەقینەکانی هێز، دەتوانێ لێکدانەوەی هەڵەی لێ بکەوێتەوە و گەورەترین مەترسی لە ئاوەها کشێکدا، ئەنجامێکی هەڵەی بەدواوە دەبێت. چونکە ئەزموونە پێشووەکان نیشانی داوە کە ئێران لە قۆناغە هەستیارەکاندا، کاردانەوەی سەرتر لە چاوەروانیی شرۆڤەگەرانی ڕۆژئاوایی هەبووە و هەر ئەمەش هاوکێشەکە هەستیارتر دەکات.
بەو پێیە لە ئەگەری هێرشی دووبارە، ئەمریکا دەبێ خۆی ئامادەی کاردانەوەی زۆر قورس بکات؛ کاردانەوەگەلێک کە ڕەنگە تەنیا بە یەک بەرە و لە ئاستێکدا نەبەسترێتەوە و ئەم سناریۆیە، تێچووگەلی سیاسی و ئابووریی بەرچاوی بۆ واشنتۆن بەدواوە دەبێت. بە تایبەت لە هەلومەرجێکدا کە ڕای گشتیی ئەمریکا هەمبەر بە شەڕە درێژخایەنەکان هەستیار بوونە.
لە کۆتاییدا، جێی سەرنج کە دەسەڵات تەنیا ژمارەی جیهازات یان بوودجەی سەربازیی نییە، بەڵکوو لە ورە، ئامادەیی، تەکووزی ناوخۆیی و ناسینی بەستێنەکانە و ئێران گەلێ جار جەختی لەوە کردووە کە بەدوای هەڵگیرساندنی شەڕەوە نییە، بەڵام لە بەرامبەر هێرشدا کاردانەوەی یەکلاکەرەوەی دەبێت، ئەم هەڵوێستە لە خۆ گری لێکدراوێکە لە بەرگری و هوشدار؛ پەیامێک کە ئامانجەکەی پێشگری لە هەڵەی لێکدانەوەیی لایەنی بەرامبەرە.
ئەگەر واشنتۆن بەردەوام بێت لە پێداگریی بۆ هەڕەشە بەردەوام و گوشارە سەربازییەکانی، لە ڕاستیدا هەنگاوی دەنێتە یارییەک کە کشانەوە لێی ئاسان نابێت، ڕەنگە بتوانن دەسپێکەری شەڕێک بن، بەڵام گەڕەنتییەک بۆ ئەوە نییە کە کۆتاییەکەشی بە ویستی ئەوان بێت. ئەویش لە ناوچەیەکی ئاڵۆزی وەک ڕۆژئاوای ئاسیا کە ئاورینگێک دەتوانێ زنجیرەیەک گۆڕانکاریی چاوەرواننەکراوی بەدواوە بێت.
ئینجا ئێران لە ماوەی ئەو چوار دەیەدا، سناریۆگەلێکی جۆراوجۆری لێکداوەتەوە و هەڵسەنگاندووە و پلانی بۆ داڕشتووە و لەمناوە، بەشێکی گرینگی لە توانستەکانی خۆی ئاشکرا نەکردووە و هەر ئەوە دەتوانێت، لایەنی ڕاچڵەکێنەری بکاتە بژێرەیەکی جیدی لە هەر شەڕێکی شیمانەییدا. لە ئاوەها دۆخێکدا، هزری ستراتژیکی پێمان دەڵێت کە لە بری پشتبەستن بە زمانی هەڕەشە، بواری دیپلۆماسی و ئیدارەی ناکۆکییەکان لە یەکەمایەتیدا بێت.
دەنا، ئەمریکا ڕەنگە خۆی لە شەڕێکدا بگلێنێت کە پێێ وایە سنووردارە و بۆی کۆنتڕۆڵ دەکرێت، بەڵام هەر ئەو شەڕە وردە وردە بە ئاراستەی دیمەنێکی ئاڵۆز و چەند ڕەهەندیدا دەڕوات؛ شەڕێک کە ڕەنگە دەسپێکردنەکەی بە ئەمریکا بێت، بەڵام بێگومان کۆتاییەکەی بەو نابێت.
Your Comment